ئیکسۆن مۆبیلی گەورە کۆمپانیای نەوتیی ئەمریکی لە بەسڕە کشایەوە
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (رۆیتەرز)، کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل سەرجەم کارمەندە بیانییەکانی خۆی لە کێڵگەکەوە بۆ دوبەی کشاندووەتەوە.
لەمبارەیەشەوە بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسەکەیان ڕاگەیاندووە، کشانەوەی ئیکسۆن مۆبیل کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکە نەبووە و “ئەندازیارانی عێراقی بەرپرسیارێتیی کارەکەی ئەوان دەگرنە ئەستۆ”.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، کشاندنەوەی کارمەندانی ئیکسۆن مۆبیل لە درەنگانی شەوی ڕابردووەوە تاوەکوو بەیانیی ئەمڕۆ شەممە ١٨ی ئایاری ٢٠١٩ بەڕێوە چووە و بەشێک لە کارمەندانی کۆمپانیاکە بۆ (دوبەی) و بەشێکی دیکەش بۆ خێوەتگەی سەرەکیی کارمەندانی کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل لە سنووری پارێزگای بەسڕە کشاونەتەوە.
کشانەوەی کۆمپانیا نەوتییەکە دوای ئەوە هات کە لە هەفتەی ڕابردوودا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە سەرجەم هاووڵاتییانی ئەمریکی کرد، بەهۆکاری بوونی ئەگەری بە ئامانجگرتنی هاووڵاتییانی ئەمریکی لە لایەن ئێران و لە ڕێگەی میلیشیاکانی عێراقەوە، عێراق بەجێ بهێڵن.
باسنيوز
