فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە نێو هەرێمی کوردستان کەوتە خوارەوە

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە نێو هەرێمی کوردستان کەوتە خوارەوە
فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە نێو سنووری هەرێمی کوردستان کەوتە خوارەوە و بە تەواوی سووتا.

لە شایەتحاڵێکەوە دەستی کەوتووە، فڕۆکەکە کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی ئایاری ٢٠١٩ لە نزیک گوندی (بەرێ کەر)ی سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک و بە دووریی کیلۆمەترێک لە شەقامی گشتیدا کەوتووەتە خوارەوە.

شایەتحاڵەکە ئاماژەی بەوە کرد کە فڕۆکەکە لە بەیانیی ئەمڕۆوە بە ناوچەکەدا سووڕاوەتەوە و پاش کەوتنە خوارەوەشی، خەڵکی بینیویانە کە بە تەواوی سووتاوە.

تاوەکوو ئێستا نازاندرێت ئاخۆ ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی کەوتووەتە خوارەوە، لەلایەن چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ەوە تەقەی لێکراوە و خراوەتە خوارەوە، یاخود بەهۆکاری تەکنیکی کەوتووەتە خوارەوە.

دەوروبەری کاتژمێر ١ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا هاتووتەنە سنوورەکە و ئێستا ئەو شوێنە بۆردومان دەکەن کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی لێ کەوتووەتە خوارەوە.












باسنيوز
Top