سەیدسادق.. لەسەر کێشەی زەوی و زار ھاووڵاتییەک کوژرا

سەیدسادق.. لەسەر کێشەی زەوی و زار ھاووڵاتییەک کوژرا
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە گوندێکی سەر بە قەزای سەیدسادق بەھۆی شەڕی نێوان دوو بنەماڵەوە لەسەر کێشەی زەوی و زار ھاووڵاتییەک کوژراوە.

قایمقامیەتی قەزای سەیدسادق، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاشکرای کردووە "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥/٥/٢٠١٩ لە گوندی (دۆڵاش)ی سەر بە قەزای سەیدسادق، بەھۆی دروستبوونی کێشە لە نێوان دوو بنەماڵە لەسەر زەوی و زاری کشتوکاڵی، ھاووڵاتییەکی تەمەن ٥٦ ساڵ بەناوی (ئیبراھیم ئەحمەد فەتاح) کوژراوە".

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە "پاش ڕووداوەکە دەستبەجێ ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و تواندراوە تۆمەتباری ڕووداوەکە دەستگیر بکرێت و ڕادەستی دادگا بکرێت، تەرمی ھاووڵاتییەکەش ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی سلێمانی کراوە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە "بە فەرمانی دادوەری دادگای سەیدسادق پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە بەردەوامە و شەڕەکەش کۆتایی پێهاتووە و خانەوادەی ھەردوولا لەژێر چاودێریدان بۆ ئەوەی ڕێگری لە دروستبوونی شەڕی دیکە بکرێت".










باسنيوز
Top