جەبار یاوەر: هەڵوێستی وەزارەتی پێشمەرگە بەندە بە هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمەوە

جەبار یاوەر: هەڵوێستی وەزارەتی پێشمەرگە بەندە بە هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمەوە
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی پرسی داگیرکردنی ماڵە کوردەکانی گوندە پەلکانەوە ڕای دەگەیەنێت، هەڵوێستی وەزارەتی پێشمەرگە بەندە بە هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ ١٤\٥\٢٠١٩ هێزێکی فیرقەی چواری مغاویریی عێراق لەگەڵ ٢٠٠ چەکداری عەرەبی هاوردە، ماڵە کوردەکانی گوندی "پەڵکانە"یان لە سنووری دوبز داگیر کرد، ئەو کوردانەی بەرگرییان لە خۆیان کردووە، دەستگیریان کردوون، لەبارەی هەڵوێستی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر ئەم بابەتە فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕايگەیاند: "هەڵوێستی وەزارەتی پێشمەرگە بەندە بە هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، هەر بڕیارێک حکوومەتی هەرێم بیدات، ئێمە جێبەجێی دەکەین".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "ئەمجۆرە کێشانە دەبێ لەسەر ئاستی باڵا و لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بە وتووێژ چارەسەر بکرێن، لەبەر ئەوەی ئەمە یەکێکە لە کێشە گەورەکان کە هەموو سنووری کەرکووکی گرتووەتەوە و گەڕانەوەی ماڵە عەرەبەکان کێشەیەکی گەورەی پارێزگای کەرکووکە".

جەبار یاوەر، جەختیشی کردەوە: "لە سنووری پارێزگای دیالەوە تا دەگاتە دەشتی نەینەوا ناوچەی کوردستانییە، پەیوەستە بە مادەی ١٤٠ەوە، ئێستا لەژێر دەستی حکوومەتی عێراقدایە و کێشەکە هەڵپەسێردراوە و یەکێکە لە کێشە گەورەکانی نێوان هەولێر و بەغدا".

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش دا: "دەبێ لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا کە شاندی دانوستانکار دروست کرا، داکۆکی لەسەر ئەم بابەتە بکەن، جگە لەوەش سەرکۆمار و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و دامودەزگاکانی جێبەجێکردن و یاسایی بەرەوپیری ئەم کێشانە بێن و چارەسەری ئەم کێشەیە ئەرکی هەموو لایەکە".










باسنيوز
Top