دەنگۆی ڕفاندنی کچێک ڕەت دەکرێتەوە

دەنگۆی ڕفاندنی کچێک ڕەت دەکرێتەوە
بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە کچێک لە سنوورەکەدا ڕفێندرابێت و ئاشکرای دەکات کە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە لەگەڵ خێزانەکەی، کچەکە لە ماڵ چووەتە دەرەوە.

پاش ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەنگۆی ئەوە بڵاو کرایەوە کە چەند شەوێک لەمەوبەر کچێک لە گەڕەکێکی هەولێر ڕفێندراوە. تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر ڕايگەیاند، ئەو دەنگۆیانە ڕاست نین و ئەو کچە نەڕفێندراوە، بەڵکوو ”لەگەڵ دایکی کێشەیان لەسەر قوتابخانە هەبووە و چەند جارێک ئەو کێشەیەیان دوبارە بووەتەوە“.

ڕوونیشی کردەوە، کچەکە کاتژمێر ١٠ی شەوی ١١ی ئایاری ٢٠١٩، لە ماڵەوەیان چووەتە دەرەوە و کەسوکارەکەشی لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ئافرەتان، سکاڵایان تۆمار کردووە.

بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر جەختی کردەوە کە ”ئەم کەیسە ھیچ پەیوەندی بە رفاندنەوە نییە و لێکۆڵینەوەشیان بۆ ئەم کەیسە دەست پێ دەکەن“. گوتیشی: ”کچەکە لەگەڵ خۆیدا ٢ هەزار دۆلاری بردووە“.

ئەم کچە ناوی (نوور ناجح)ە، تەمەنی ١٣ ساڵە و بە رەچەڵەک عەرەبە، لە یەکێک لە گەڕەکەکانی ھەولێر دادەنیشێت.












باسنيوز
Top