سەرۆک بارزانی: لەیلا قاسم سیمبۆڵی خۆنەچەماندن و گیانفیداییە بۆ هەموومان

 سەرۆک بارزانی: لەیلا قاسم سیمبۆڵی خۆنەچەماندن و گیانفیداییە بۆ هەموومان
سەرۆك بارزانی بە بۆنەی چل و پێنجەمین ساڵیادی شەهیدكردنی لەیلا قاسم و هاوڕێیانی پەیامێکی بڵاو کردەوە.



لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا کە هاتووە: لەیلا قاسم سیمبۆڵی خۆنەچەماندن و گیانفیداییە بۆ هەموومان. ئەو بە شەهیدبوونی خۆی بۆ دۆست و دوژمنی سەلماند كە وەفاداری بۆ كوردستان لەسەرووی هەموو شتێكە و مەرگی سەربەرزانە پڕ بەهاترە لە ژیانی بندەستی".

دەقی پەیامەکە:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان



ئەمڕۆ چل و پێنج ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی لەیلا قاسم و هاوڕێكانیدا تێدەپەڕێت. لەیلا قاسم بەهۆی كوردبوون و ئازادیخوازی و بیروباوەڕییەوە گیانی خۆی فیدا كرد و شەهید كرا. لەیلا نموونەی بەرزی كچی كورد و مرۆڤی كوردە كە شەهیدبوونی وەك شانازییەك قبووڵ كرد و سەری بۆ دوژمن و جەللادەكان شۆڕ نەكرد و، مێژووی بۆ خۆی و گەلەكەی دروست كرد.



لەیلا قاسم سیمبۆڵی خۆنەچەماندن و گیانفیداییە بۆ هەموومان. ئەو بە شەهیدبوونی خۆی بۆ دۆست و دوژمنی سەلماند كە وەفاداری بۆ كوردستان لەسەرووی هەموو شتێكە و مەرگی سەربەرزانە پڕ بەهاترە لە ژیانی بندەستی.



سڵاو لە گیانی پاكی شەهید لەیلا قاسم وهاوڕێکانی و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی..

مسعود بارزانی

12ـی 5ـی 2019




باسنيوز
Top