ھەکاری: ڕێککەوتنی پارتی قۆناغێکی نوێی بۆ پێکھێنانی کابینەی حکوومەت هێناوەتە ئاراوە
رۆمیۆ ھەکاری، سکرتێری گشتیی حزبی بەیتنەھرێن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێککەوتنی پارتی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان ڕووداوێکی گرینگ و پێویست بوو لە ھەرێمی کوردستان، چونکە تا ئەو ڕێککەوتنە نەکرا دەست بە ڕێوشوێنەکانی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان نەکرا و دەتوانم بڵێم ھەموو پڕۆسەکە وەستابوو."
ئەو سەرکردەیەی کریسیتان ڕوونی کردەوە: "پێشبینی دەکەین دە ڕۆژی دیکە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەنێو پەرلەماندا ھەڵبژێردرێت و ئیدی کاندیدی پارتی وەک گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی ڕاسپێردرێت بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان."
ھەکاری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ڕاستە لە ڕووی یاسایییەوە بەربژێری سەرۆکایەتیی حکوومەت ٣٠ ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێکھێنانی کابینەکەی، بەڵام لەبەر ئەوەی ڕێککەوتن کراوە، پێشبینی دەکرێت لە کاتێکی زووتر لەوەی بەپێی یاسا بۆی دیاری کراوە حکوومەت پێک بێت."
دەربارەی پشکی کریستیانەکان لەنێو کابینەی نوێدا ڕومیۆ ھەکاری دەڵێت: "بڕیارە شاندی باڵای پارتی جارێکی دیکە سەردانی لایەنەکانی ئێمە وەک کلد و ئاشوور بکات و ئێمە لای خۆمانەوە داوای وەزارەتێکی خزمەتگوزاری و ھەبوونی نوێنەرمان کردووە لە ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێمی کوردستاندا."
kdp-
