داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر 9 په‌رله‌مانتاری كورد دەكرێ

داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر 9 په‌رله‌مانتاری كورد دەكرێ
داواكاری گشتیی ئیسته‌نبۆڵ داوا ده‌كات 9 ئه‌ندام په‌رله‌مانی تری هه‌ده‌په‌ پارێزبه‌ندییان له‌سه‌ر هه‌ڵبگیرێ و دادگایی بكرێن، ئه‌و تۆمه‌ته‌ی دراوەته‌ پاڵیشیان پاڵپشتیكردنه‌ له‌ په‌كه‌كه‌.

ئاژانسه‌كانی هه‌واڵی توركیا بڵاویان كرده‌وه‌ هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و 9 ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ دراوەته‌ دیوانی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستە دیوانی په‌رله‌مان دۆسیه‌كه‌ی نه‌ورووژاندووه‌.

له‌ناو ئه‌و 9 ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌دا هاوسه‌رۆكانی هه‌ده‌په‌ (په‌روین بوڵدان، سه‌زایی ته‌مه‌للی)یشی تێدایه‌، كه‌ داوا ده‌كه‌ن پارێزبه‌ندییان له‌سه‌ر هه‌ڵبگیرێت و دادگایی بكرێن.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ئه‌و دۆسیانه‌ی بۆ ئه‌و 9 ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ی هه‌ده‌په‌ كراونه‌ته‌وه‌، 305 دۆسیه‌ن و زۆربه‌شیان پاڵپشتیكردنن له‌ په‌كه‌كه‌.

پێشتریش پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر 11 ئه‌ندام په‌رله‌مانی هه‌ده‌په‌ هه‌ڵگیرا و زیندانی كران، له‌ناویاندا سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش و فیگه‌ن یوكسه‌كداغی تێدابوو كه‌ هاوسه‌رۆكانی پێشووی هه‌ده‌په‌ بوون، بۆیه‌ دوور نییه‌ دیسان هاوسه‌رۆكانی هه‌ده‌په‌ زیندانی بكرێنه‌وه‌.










باسنيوز
Top