سەرۆك بارزانی لەگەڵ شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا کۆ بووەوە
ئەمرۆ پێنجشەممە 9ـی 5ـی 2019، لە سەلاحەددین سەرۆك بارزانی، پێشوازی لە شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كرد كە پێكهاتبوو لە دەیڤید ساترفیڵد جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە وەكالەت و جووی هوود جێگری باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و ستیڤ ڤیگن كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێر و جەنەڕاڵ پاول لاكامێرا بەرپرسی ئۆپڕاسیۆنە سەربازییەكانی دژی داعش.
لەو دیدارەدا، شاندی میوان سڵاوی تایبەتی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكای بە سەرۆك بارزانی گەیاند. هەروەها بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا و شاندی میوان ئەوەی دووپات كردەوە كە باشتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستان دایە.
دوایین گۆڕانكارییە مەیدانییەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش تەوەرێكی دیكەی ئەو دانیشتنە بوو و هەردوو لا جەختیان لەوە كردەوە كە هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش هێشتا هەر ماوە و مەترسییە بۆ ئاساییشی عێراق و سووریا و ناوچەكە.
باسنيوز
