وەزیری شارەوانی کاتی کردنەوەی بەشی سێیەمی شەقامی 120 مەتری ئاشکرا دەکات
نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، لە پرێس کۆنفرانسێکدا گوتی: "بڕیار بوو لە کۆتایی مانگی سێ بەشێکی دیکەی شەقامی 120 مەتری لە نێوان رێگای کۆیە بۆ کەرکووک بکرێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی دیزاینی ناوەڕاستی شەقامەکە سەوزایی زۆری تێدایە و بارانبارینی بەردەوامیش ڕێگر بوو لە سەوزکردنی، بۆیە ئێستا کاری تێدا دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت ھەفتەیەک تا 10 رۆژی دیکە بکرێتەوە".
لەلایەکی دیکەوە سەرتیپ قادر، سەرپەرشتیاری شەقامی 120 مەتری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە: "ڕێگاکە ھەمووی تەواو بووە و تەنیا سەوزاییەکەی ھەندێک ماوە و سەرقاڵی تەواوکردنین، ھەر کاتێکیش تەواو بوو، کە چاوەڕێ دەکرێت تا چەند رۆژی دیکە کۆتایی پێ بێت، بە ڕووی ھاووڵاتییاندا دەکرێتەوە".
دەشڵێت: "ئەو بەشەی دەکرێتەوە، نۆ کیلۆمەترە و دواتر تەنیا نۆ کیلۆمەتر دەمێنێت، کە ئەویش ئەمساڵ تەواو دەبێت و بەمەش ھەر 38 کیلۆمەترەکە، کە درێژیی شەقامەکەیە، تەواو دەبێت و دەکرێتەوە".
باسنيوز
