شاندێکی پەرلەمانی کوردستان دەچێتە بەغدا
شاندێکی پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر کێشەی کەسوکاری شەھیدان و ئیمتیازەکانیان، دەچێتە بەغدای پایتەختی عێراق.
سەوسەن میرخان، سەرۆکی لێژنەی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، بە مەبەستی چارەسەری کێشەی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و دروستکردنی ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوولا، شاندێک لە لیژنەکەیان دەچنە بەغدا.
لە بارەی کاتی چوونی شاندەکە، سەوسەن میرخان گوتی: ”بەھۆی دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە کاتەکەمان دیاری نەکردبوو، بەڵام لە ھەفتەی داھاتوودا لیژنەکەیان کۆدەبێتەوە و کاتی چوونی شاندەکە دیاری دەکەن“. ڕوونیشی کردەوە کە ئەندامانی شاندەکە بە تەواوەتی دیاری نەکراون، بەڵام ”جگە لە لێژنەکەمان، پێدەچێت نوێنەری وەزارەتی شەھیدانیشی تێدا بێت، ئەگەر پێوست بکات“.
لە بارەی مەبەستی سەردانەکەی سەوسەن گوتیشی مەبەستی سەردانەکە بۆ ئەوەیە کە بزانرێت گفتوگۆکانی ھاوتاکردنی مووچەی کەسوکاری شەھیدانی کوردستان و عێراق بە کوێ گەیشتووە و چی دەکرێت بۆ ئەم مەبەستە و رێکارەکانی ھاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازاتەکانیان چۆنە. گوتیشی: ”هەوڵدەدەین ھەماھەنگی لەگەڵ دەزگای شەھیدانی بەغدا دروست بکەین“.
لە نێوان ھەولێر و بەغدا گفتوگۆ ھەیە بۆ ھاوتاکردنی مووچەی کەسوکاری شەھیدانی ھەردوولا، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە.
باسنيوز
