بەغدا بڕیاری متمانەدان بە پشکنینی دەرمان لە هەرێمی کوردستان دەدات
د. سامان بەرزنجی، سەرۆکی شاندی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ڕايگەیاند: ”ئێمە وەک شاندێکی وەزارەتی تەندروستی سەردانی بەغدامان کرد، چونکە کۆمەڵێک بابەتی هەڵپەسێردراو مابوونەوە، لەوانە شوشتنی گورچیلە کە پرۆژەیەکە لەسەر ئاستی عێراق هەیە و ماوەکەی تەواو بووە، بەڵام ئێستا سەرقاڵی نوێکردنەوەین بە هەمان شێوەی پێشوو، هەروەها بابەتی پێداویستی پزیشی و دەرمان بۆ ئاوارەکان، سازدانەوەی ئامێرە پزیشکییەکەکان کە ساڵانە لەگەڵ کۆمپانییان نێودەوڵەتییەکان دەکرێ، بۆ ئەوەی بۆمان نوێ بکەنەوە“.
گوتیشی: ”بۆیەکەم جار لەسەر ئاستی عێراق ئامێری “گامانایف“ کە بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی کۆمەڵێک نەخۆشی لەوانە ”گرێی مێک“، هاتووەتە هەرێمی کوردستان و ئێستا لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکارییە و هەموو ڕێکارە یاساییەکان و کارگێڕییەکان تەواو بووە، ئێمە دەمانەوێت پەلە لە دەست بەکاربوونی ئەم ئامێرە بکرێت“.
ئەوەشی خستە ڕوو، کە ئەمڕۆ 8/5/2019، زنجیرەیەک کۆبوونەوەمان ئەنجام دا، لەگەڵ خودی وەزیری تەندروستی عێراق و بریکاری وەزیری و سەرۆکی لێژنەی تەندروستی گفتوگۆمان کرد، ڕۆژی 7/5/2019، سەردانی بەغدامان کرد و ئەمڕۆش دەگەڕێینەوە کوردستان.
هەر لە لێدوانەکەیدا د. سامان بەرزنجی ئاشکراشی کرد، ”وەزارەتی تەندروستی عێراق پێش ماوەیەک بڕیاریاندا کە متمانە بە کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان لە هەرێمی کوردستان بدەن، واتە ئەو دەرمانانەی لە هەرێم لە کۆنترۆڵ دەردەچن دەبێتە جێی متمانە بۆ هەموو عێراق و کاری پێدەکرێت“.
باسنيوز
