لە ھەولێر ژنێک لەگەڵ کوڕەکەی ھاوسەرەکەی دەکوژێت و دواتر دەیسووتێنێت

لە ھەولێر ژنێک لەگەڵ کوڕەکەی ھاوسەرەکەی دەکوژێت و دواتر دەیسووتێنێت
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر ڕووداوێکی تاوانکاریی لە ناحیەی بەحرکە ئاشکرا کرد کە ژنێک پاش ئەوەی لەلایەن پیاوەکەیەوە بە زۆر ھەوڵ دراوە ماددەی ھۆشبەری پێ بدرێت، ھاوسەرەکەی کوشتووە و دواتر سووتاندوویەتی.

لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر ڕايگەیاند: ”پیاوێک لە بەحرکە ئاڵۆدەی ماددەی ھۆشبەر بووە و ”تەعەدا“ لە ھاوسەرەکەی دەکات و دەیەوێت بە زۆر ماددەی ھۆشبەری پێ بدات“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ئەنجامی ئەو کێشەیە، کوڕی پیاوەکە کە تەمەنی نزیکەی ٢٠ ساڵ دەبێت، لە باوکی دەدات و دواتر لەگەڵ دایکی پێکەوە پیاوەکە دەکوژن و ”دەیسوتێنن و فڕێی دەدەن“.

ئەو ڕووداوە، لە ٥ی ئایاری ٢٠١٩ ڕووی داوە و شەوی ڕابردوو کوڕەکە لەگەڵ دایکی لەلایەن پۆلیس دەستگیر کراون و دانیان بە تاوانەکەدا ناوە و ئەو شوێنەشیان ئاشکرا کردووە کە تەرمەکەیان لێی فڕێ داوە.

عەبدولخالق تەڵعەت لەبارەی چۆنیەتیی ڕووداوەکەوە گوتی: ”سەرەتا بە تاپڕ تەقەیان لە پیاوەکە کردووە، دواتر بە دەمانچە فیشەکێکی پێوە دەنێن، تاوانەکە ھەر ئەوەندەش نییە، بەڵکوو دوای کوشتنی، سووتاندوویانە و چوون فڕێیان داوە“.

تاوانبارانی دەستگیرکراو لەم کەیسە، بەپێی ماددەی ٤٠٦ی یاسای سزادانی عێراقی کە بارێکی توندکەری تاوانی کوشتنی بە ئەنقەستە و سزاکەی لەسێدارەدانە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە، ھەرچەندە دادگا بڕیاری کۆتایی لەبارەی جۆری سزاکەوە دەدات.










باسنيوز
Top