لەمڕۆوە دەرگای خۆ کاندید کردن بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکرێتەوە

 لەمڕۆوە دەرگای خۆ کاندید کردن بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکرێتەوە
دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و کاراکردنەوەی دامەزراوەکە، دەرگای خۆ کاندید کردن بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.



خەدیجە عومەر، ئەندامی لێژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند: ”دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە، بۆ ماوەی سێ رۆژ دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکرێتەوە“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە هەر کەسێک خۆی بۆ پۆستەکە کاندید بکات، ”دەتوانێت ناو و سیڤیی خۆی ڕادەستی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات“.



لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ (باسنیوز)، خەدیجە عومەر ڕوونی کردەوە، دوای کۆتاییهاتنی ماوەی خۆکاندیدکردنەکە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناوی کاندیدەکان رەوانەی دادگا دەکات، پاش ئەوەی دادگا وەڵامی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەداتەوە، دوای دوو ڕۆژ، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بانگهێشتی پەرلەمانتاران دەکرێت.



ئەوەشی دووپات کردەوە کە تاوەکوو ئێستا، تەنها پارتی دیموکراتی کوردستان، کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە کە ئەویش نێچیرڤان بارزانییە.








باسنیوز
Top