"ئۆتۆمبێلە بیانییەكان تابلۆیان پێ دەدرێـت.. ھاوردەكردنی كۆمەڵێك ئۆتۆمبێلیش قەدەغە دەكرێت"

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری داوە تابلۆ بە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان و ژمارە بیانییەكان بدات. بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانییش دەڵێ، ھاوردەكردنی بەشێك لە ئۆتۆمبێلی لێدراو و ژێرئاوكەوتووش قەدەغە دەكرێت.

سیروان بەرزنجی، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی هاتوچۆی هەولێر، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیار دراوە ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە دوای ساڵی 2003ـوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و ئەو ئۆتۆمبێلانەش كە هەڵگری تابلۆی بیانین، تابلۆی هەرێمی كوردستانیان پێ بدرێـت.

بەرزنجی گوتیشی: "لە ئەمڕۆوە هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانمان بكەن بۆ دەستكردن بە مامەڵەكانیان، كە لە بەرامبەر پێدانی تابلۆی هەرێمی كوردستان بە ئۆتۆمبێلەكانیان، بڕێك پارەی دیاریكراو وەك رسومات لە خاوەنی ئۆتۆمبێلەكان وەردەگیرێـت".

ناوبراو دەشڵێت: "هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری دا هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی لێدراو، چاككراو و ژێرئاوكەوتوو، ئەوانەی كەڵكی چاككردنەوەیان نییە، لە وڵاتی دوبەی و قەتەرەوە قەدەغە بكرێت، سەرجەم دەروازە سنوورییەكانیش بە نووسراوی فەرمی ئاگادار كراونەتەوە، كە لە ماوەی 60 رۆژ لە 1/7/2019ـوە بڕیارەكە دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە".

هەر لەو بارەیەوە، نەوزاد ئەدھەم، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری داوە كە ئەو ئۆتۆمبێلانەی لێدراون و ژێرئاوكەوتوون بە ھۆی لافاو یاخود ھەر ئەگەرێكی دیكە، رێگرییان لێ بكرێت ھاوردەی ھەرێمی كوردستان بكرێن، مەرجیش نییە ھەر ئۆتۆمبێلێك لێدرابێت، رێگەی لێ بگیرێت ھاوردە بكرێت، بۆ نموونە ئۆتۆمبێلێك لێدراوێكی كەمی ھەیە و نزیكەی ٢٠ هەزار كیلۆمەتر رۆیشتووە، ئاساییە ھاوردە بكرێت و تەنھا ئەوانە نەبێت كە لێدراویان زۆرە و لەوێ چاك ناكرێنەوە".

ئەدھەم گوتیشی: "ئۆتۆمبێل ھەیە لەو وڵاتانە ھیچ كێشەی نییە و لێشنەدراوە، بەڵكوو تەنھا زیاتر لە ١٠٠ هەزار كیلۆمەتر رۆیشتووە، كە ئەوەش ئاساییە ھاوردە بكرێت، بۆیە ھەموو جۆرێكی لێدراو ھاوردەكردنی قەدەغە ناكرێت".

kdp -
Top