د. دیندار: پارساڵ ١٦٨ جار سەردانی گرتووخانەكان كراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە رەوشی بەندكراوان
د. دیندار زێباری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "تێكدانی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی كردەوە تیرۆریستییەكان، یەكێكە لە ئامانجە سەرەكییەكانی تیرۆریستان، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ رێگەگرتن لە كردەوەی تیرۆریستی و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێم، كە چەند رێوشوێنێكی تایبەت لە بازگەكان دەگرنە بەر و مەبەستی سەرەكییشیان پاراستنی ئاسایشی كوردستانە".
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم جەختی كردەوە: "ئەو رێوشوێنانەی لە بازگەكاندا پەیڕەو دەكرێن، كارێكی ئاساییە و پەیوەندی بە ئەمنییەت و سەقامگیریی هەرێمەوە هەیە و نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكوو لە هەموو جیهان رێوشوێنی تایبەت پیادە دەكرێت بۆ وردبینی و دڵنیابوون لە ناسنامەی هاووڵاتیان لەگەڵ ئەو زانیاریانەی هەیە لای دامودەزگا ئەمنییەكان، ئەم رێوشوێنانەش تەنیا بۆ پاراستنی سەلامەتیی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانە".
ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا سەبارەت بە ئازادیی هاتوچۆی ئاوارەكان، گوتی: "ئەوان ئازادن لە هاتوچۆكردن، بەڵام بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشیان، ئەو رێوشوێنانە دەگیرێنە بەر، تا ئێستا ژمارەیەك لە تیرۆریستانی داعش لە نێو ئەو خانەوادە ئاوارانەی كە روویان كردووەتە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە، دزەیان كردووە و دواتر لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستگیر كراون، جگە لە بازگەكان، چەند جارێك لە كاتی پشكنینی ئەو كەسانە لە ساترەكان و خاڵەكانی پشكنین چەكی جۆراوجۆریان پێ بووە و ویستوویانە بیهێننە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە، بۆیە ئەو رێوشوێنانە ئاسایین، تەنانەت پێشتر چەند رێكخراوێك ئاماژەیان بەوە كردبوو كە رێوشوێنەكانی هاتوچۆكردن بۆ ناو كەمپەكان پێویستە توندتر بكرێت بۆ پاراستنی ئاسایش و ژیانی ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی كەمپەكان".
زێباری راشیگەیاند: "دامودەزگا ئەمنییەكان بە تەواوی هاوكاری هەموو ئەو رێكخراو و لایەنانە دەكەن كە دەیانەوێت سەردانی كەمپ یاخود گرتووخانەكان بكەن".
سەبارەت بە سەردانیكردنی رێكخراوەكان بۆ بەندیخانەكان، ناوبراو دەڵێ: "هەموو رێكخراوەكان رێگەیان پێدراوە سەردان بكەن بەپێی یاسا و رێنماییەكان، بۆیە هەفتانە رێكخراوەكان بۆیان هەیە سەردان بكەن، بە گوێرەی دوایین ئامارەكانیش، لە ساڵی ٢٠١٨ــدا رێكخراوەكان ١٦٨ جار سەردانی گرتووخانەكانیان كردووە بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە رەوشی بەندكراوان و بە تەواویش هاوكاری كراون".
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند: "سەبارەت بەوەی دەگوترێت گوایە هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە ئەشكەنجەی خەڵك دەكەن، مامەڵەی نامرۆڤانەیان لەگەڵ ئەنجام دەدەن و سوكایەتییان پێدەكەن و سزایان دەدەن لە كاتی دەستگیركردنیان، هیچ كەس و لایەنێك تاوەكو ئێستا گلەیی و ڕەخنەی ئەمەی نەبووە چ لای دەزگای داواكاری گشتی چ وەك دادگاكان، هەروەها بەپێی یاسا ئەشكەنجەدانی تۆمەتبار و سزادراوان بە شێوەیەكی گشتی بۆ وەرگرتنی ئیعتیراف و زانیاری، بە تاوان دادەنرێت و بە هیچ شێوەیەك رێگا نادرێت كە ئەفسەر و كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان راگیراوان ئەشكەنجە بدەن، هەروەها بەپێی ماددەی (333) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی هەمواركراو، هەر تۆمەتبارێك لە كاتی لێكۆڵینەوە ئەشكەنجە درابێت، لە رووی یاساییەوە مافی هەیە سكاڵا تۆمار بكات".
kdp -
