وردەکاری پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان دەخرێتە ڕوو

وردەکاری پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان دەخرێتە ڕوو
سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان وردەکاریی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکانی بۆ (باسنیوز) دەخاتە ڕوو.

کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمبارەوە ڕایگەیاند: ”سبەینێ چوارشەممە ٨\٤\٢٠١٩ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان کوردستان بەڕێوە دەچێت بۆ ئەوەی خوێندنەوەی سێیەم بۆ پرۆژە یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی هەرێم بکرێت و تەنیا دەنگ لەسەر مادەکان دەدرێت و گفتوگۆی لەسەر ناکرێت، دوای ئەو کارەش دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانە کە یاساکە واژۆ دەکات و دەری دەچوێنێت".

ئەو ئەندام سەرکردایەتییەی پارتی گوتیشی: "دوای دەرچواندنی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەکرێتەوە، هەروەها سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە ماوەی دوو ڕۆژدا ناوی ئەو کاندیدانەی مەرجی یاساییان تێدایە ڕادەگەیەنێت".

سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: "لە ماوەی دوو ڕۆژدا کاندیدەکانیش کاتیان هەیە لەبەردەم دادگا تانە لە بڕیاری پەرلەمان بدەن، هەروەها بڕیاری دادگا بۆ یەکلاییکردنەوەی تانەکان لە ماوەی دوو ڕۆژدا دەبێت، دوای بڕیاری دادگاش پەرلەمان دەتوانێت بانگێهشتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و سوێندخواردنی بکات، بەڵام دەبێ ئەمانە پێش ٤٨ کاتژمێر ئەنجام بدرێن، واتە ئەم هەنگاوەش دوو ڕۆژی پێویستە، واتە لە ئەمڕۆوە لانیکەم ١٢ ڕۆژمان پێویستە بۆ کۆتاییهاتنی پرۆسەکە".

کەمال کەرکووکی ئاشکراشی کرد: "لە دانیشتنی فەرمیی پەرلەماندا ناوی کاندید بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دێت و ئەویش کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان دەبێت، دواتر سەرۆکی هەرێم بە فەرمی داوا لەو کاندیدە دەکات لە ماوەی مانگێکدا کابینەی نوێی حکوومەت پێک بهێنێت"

ڕوونیشی کردەوە: "ئەگەر بێت و کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەت لەو ئەو مانگەدا هەر ڕۆژێک ئامادە بوو، دەتوانێ سەرۆکی پەرلەمان ئاگادار بکاتەوە و سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش ڕۆژێک دیاری دەکەن و کاندیدی ڕاسپێردراو و وەزیرەکانی بەشداریی دانیشتنەکە دەکەن و لەناو پەرلەماندا دەخرێنە بەر دەنگدان".












باسنیوز
Top