لیژنەیەکی باڵا لە پارتی سی ڤیی کاندیدەکانی ھەڵدەسەنگێنێت
سەرچاوەیەکی تایبەت رای گەیاند، ئەو ھەواڵانەی لە ھەندێ میدیاوە لەبارەی کاندیدەکانی پارتی بۆ ئەو پۆستانەی وەکوو حەقەبەشی ھەڵبژاردن پێی دراوە بڵاو دەکرێنەوە، تەنیا مەزەندەن و دوورە لە راستییەوە.
بەپێی زانیارییەکان، پۆستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەپێی حەقەبەشی ھەڵبژاردن، پێکھاتوون لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، لەگەڵ چەند دەستە و پۆستێکی دیکە بەر پارتی دیموکراتی کوردستان کەوتوون.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستانە، ئێستا لیژنەیەکی باڵا لە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵسەنگاندن بۆ ئەو (سی ڤی)یانە دەکات کە بۆ پڕکردنەوەیان پێشکەش کراون.
سەرچاوەکە روونی کردەوە، ئەوەی کە دەگوترێ بۆ ھەر پۆستێک سێ کەس کاندید دەکرێن، مەرج نییە تەنیا سێ کەس بن، رەنگە بۆ پۆستێک یەک کاندیدی گونجاو پێشکەش بکرێت و لەوانەشە زیاتر لە سێ کەس بن، ناوەکان بۆ بەردەم مەکتەبی سیاسی و سەرۆک بارزانی پێشنیار دەکرێن و ئەوانیش رای خۆیانی لەبارەوە دەدەن، بەڵام بڕیاری کۆتایی سەرۆک وەزیران دەیدات، چونکە خۆی دەبێت رای لەسەر ئەو تیمە بێت کە لەگەڵیدا کار دەکەن.
ھەروەھا سەرچاوەکە جەختی کردەوە، تا ئێستا (سی ڤی)ی ھیچ کەسێک بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکان یەکلا نەبووەتەوە و دووبارە دانانەوەی وەزیرەکانی پێشووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە پۆستە وەزارییەکان، ئەگەرێکی لاوازە.
لەم بارەیەوە، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئەوان ئاگەدار نین ھیچ ناوێک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکان یەکلا کرابێتەوە، ئەگەر کەسێک بە فەرمی یەکلا ببایەوە ئەوا دەیانزانی، لەبەرئەوە ئەوەی لە میدیاکان دەگوترێ، تەنیا مەزەندەی میدیاکانە بۆ کەسەکان.
لای خۆیشانەوە، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، تاوەکوو ئێستا بۆ پۆستەکانیان ھیچ کەسێک بە یەکجاری لە پۆستێکدا جێگیر نەکراوە، گوتیشی: ”پارتی بەدوای کەسی گونجاوەوەیە پۆستی پێ بدات، نەک وەکوو لایەنەکانی دیکە، کەسەکانی دیار بن و بەدوای پۆستدا بگەڕێت بۆیان“.
ئەو سەرکردەیەی پارتی ئاماژەی بەوەش داکە، پارتی لە رێگەی لیژنەی باڵاوە، ناوی کاندیدە شیاوەکان دەداتە مەکتەبی سیاسی و سەرۆک بارزانی و دواتر بە یەکدەنگی و بە راوێژی ھەموو لایەک، لەگەڵ کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران، یەکلا دەکرێنەوە، گوتی: ”ئەو پڕۆسەیە بۆ پارتی پێویستی تەنیا بە یەک سەعات ھەیە، چونکە پارتی حزبێکی خاوەن پرەنسیپ و مەرکەزیەتە و ئەو رێزگرتنەی لە بڕیاری سەرووی خۆی، بووەتە ھۆی ئەوەی بڕیارەکان لە پارتی بەزوویی و ئاسانتر بدرێن“.
باسنیوز
