ڕوشدی: پارتی چەند لیژنەیەکی بۆ ھەڵسەنگاندنی کاندیدی پۆستە وەزارییەکان پێک هێناوە

ڕوشدی: پارتی چەند لیژنەیەکی بۆ ھەڵسەنگاندنی کاندیدی پۆستە وەزارییەکان پێک هێناوە
ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دیاریکردنی کاندیدانی پۆستە وەزارییەکانی پشکی پارتی بەپێی سیڤی دەبێت و چەند لیژنەیەک پێک هێنراون و ھەڵسەنگاندن بۆ کاندیدەکان دەکەن و کامەیان باشترینە، ئەوە دیاری دەکەن، چونکە حکوومەت بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییان دادەمەزرێت.

ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، عارف ڕوشدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان ھیچ کێشەیەکمان لە دیاریکردنی کاندیدەکان بۆ پۆستە وەزارییەکان نییە و پارتی کەسانی نوێ و شارەزا و پسپۆڕ، کە بتوانن کاری باش بکەن، بۆ پۆستەکان دیاری دەکات، چونکە حکوومەتێک پێک دەهێنرێت کە خزمەت بە ھاووڵاتییان بکات."

عارف ڕوشدی گوتیشی: "ئەو کەسانەی بۆ پۆستەکان دیاری دەکرێن لەسەر ئاستی کوردستان دەبن و ھەموو ناوچەکانیش لەبەرچاو دەگیرێن و خەڵکیش سیڤییان بۆ پۆستەکان پێشکەش کردووە و چەندین لیژنە پێک هێنراون و ھەڵسەنگاندن بۆ کاندیدەکان دەکەن، دواتر دیاری دەکرێن و ھەڵدەبژێردرێن و کامەیان باشترینە، ئەوە دەبێتە کاندید بۆ پۆستە وەزارییەکان."
kdp -
Top