مستەفا چاوڕەش و شۆڕش ئیسماعیل و جەبار یاوەر کێبڕکێ لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان،ڕایگەیاند، یەکێتی ھیچ کەسێکی بۆ پۆستەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دیاری نەکردووە، بەڵام ”ژمارەیەک کەسی بەتوانا خۆیان کاندید کردووە و داوای وەرگرتنی پۆست لەم کابینەیە دەکەن“.
باسیشی لەوە کرد کە لێژنەیەکی باڵایان پێکهێناوە و لەو ڕێگەیەوە کاندیدەکانیان بۆ پۆستی وەزارەتەکان دیاری دەکرێن و دواتر ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکلایان دەکاتەوە.
مستەفا چاوڕەش جەختی کردەوە کە خۆی بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە کاندید کردووە، بەڵام دوو کەسی دیکەش خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید کردووە و ئەگەر پۆستەکەی پێ بدرێت، ئەوا ”بە شێوەیەکی باش بەڕێوەی دەبەم“.
لەلایەکی دیکەوە فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند: ”بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە، سیڤیم پێشکەشی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کردووە، لێژنەیەکی باڵا لە مەکتەبی سیاسی ھەیە کە سیڤییەکان وەردەگرێت، بەڵام بڕیاری کۆتایی بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی و دواتر بۆ سەرکردایەتی دەگەڕێتەوە کە چۆن ئەو پۆستانە دابەش دەکرێت و لەسەر چ پێوەرێک دەبێ، چونکە ئێستا پێوەرەکان بۆ دانانی وەزیرەکان ڕوون نییە کە پێویستە ئەو کەسە چی تێدا بێت، بڕیاری سەرکردایەتیش چی بێ من ملکەچی دەبم“.
یاوەر ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرکردایەتیی یەکێتی کۆدەبێتەوە و پێوەرەکان بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکان دیاری دەکات. گوتیشی: ”کەسێک شارەزایی نەبێت، ئەستەمە لەو بوارەدا ئیشەکان ڕایی بکات، ھەرچەندە لە بواری پێشمەرگایەتی شارەزامان زۆرە، خۆم لە ساڵی ١٩٨٠وە پێشمەرگەم و لە ١٩٩٢ەوە پلەی وەزیفیم ھەیە“.
بەپێی زانیارییەکان، کەسی سێیەم کە کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی وەزیری پێشمەرگە دەکات، شۆڕش ئیسماعیل، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییە.
باسنیوز
