ترەمپ پیرۆزبایی رەمەزان لە موسوڵمانان دەکا و چەند ئامۆژگارییەکیش دەدات
لەو پەیامەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وێڕای پیرۆزباییکردنی هاتنەوەی مانگی رەمەزان، ئاماژەی بەوە داوە کە موسوڵمانان لە ڕێگەی بەڕۆژووبوونەوە، وزەی خۆیان نوێ دەکەنەوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی لە گەشتە ڕۆحییەکەیان گرتوویانەتە بەر.
هاوکات ئامۆژگاریی ئەوەشی داوە کە لە ڕەمەزاندا ”دەرفەتێک بۆ ھەموومان ڕەخساوە تا پەی بەو نیعمەتانە ببەین کە پێمان بەخشراون و بەیەکەوە کار بکەین بۆ ھاوڕێیەتییەکی مەزنتر. بەیەکەوە، لە ژێر ڕۆحیەتی مانگی ڕەمەزاندا، دەتوانین فرەیی و ڕێزی زیاتر بۆ کۆمەڵگەکەمان وەدی بێنین“.
باسی لەوەش کردووە کە مێلانیای هاوسەری لەگەڵیدایە بۆ ئەوەی باشترین ئاواتەکان بۆ موسوڵمانانی ئەمریکا و جیهان بخوازن.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیەتی:
پەیامی سەرۆکایەتی بە بۆنەی مانگی ڕەمەزان
گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم موسڵمانان دەکەم بە بۆنەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان.
ڕەمەزان یادی دابەزینی قورئانی پیرۆزە بۆ محەمەد، لەگەڵ بینینی مانگ، خێزان و کۆمەڵگە موسڵمانەکان دەست بە مانگێک دەکەن بۆ گەڕانەوە بۆ خود و بووژانەوەی ڕۆحییەتی ئینسان و عیبادەتکردن.
بە درێژایی مانگی ڕەمەزان، موسڵمانەکان لە کاتی ڕۆژھەڵاتن بۆ ڕۆژئاوابوون بەڕۆژوو دەبن، قورئان دەخوێنن، کرداری خێر ئەنجام دەدەن و سەدەقە دەبەخشنەوە. لەم ڕێگەیەوەش، وزەی خۆیان نوێدەکەنەوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی لە گەشتە ڕۆحییەکەیان گرتوویانەتەبەر. ھەروەھا سوپاسی خوا دەکەن بۆ بەخشندەیی و مێھرەبانییەکەی.
لەم مانگەشدا، دەرفەتێک بۆ ھەموومان ڕەخساوە تا پەی بەو نیعمەتانە ببەین کە پێمان بەخشراون و بەیەکەوە کار بکەین بۆ ھاوڕێیەتییەکی مەزنتر. بەیەکەوە، لە ژێر ڕۆحیەتی مانگی ڕەمەزاندا، دەتوانین فرەیی و ڕێزی زیاتر بۆ کۆمەڵگەکەمان وەدی بێنین.
مێلانیاش لەگەڵمە بۆ ئەوەی باشترین ئاواتەکان بۆ موسڵمانانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرانسەری جیھان بنێرین و ھیوا بخوازین کە ڕەمەزانێک پڕ بەرەکەتییان ھەبێت.
باسنيوز
