بزوتنەوەی گۆڕان: ئامادەین کۆبوونەوەی سێ قۆڵی بکەین، دانیشتن و کۆبوونەوەی فەرمیمان لەگەڵ یەکێتی ڕەت کردۆتەوە
شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کرد کە لە دانیشتنەکەی دوێنێ یەکشەممە ٥ی ئایاری ٢٠١٩یاندا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەی سێ قۆڵییان بە پێویست زانیوە، بە مەبەستی دانانی بەرنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
هەر لەو لێدوانەیدا بۆ بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا)، ئەندامەکەی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان ئاشکرای کرد: ”ئێمە دانیشتن و کۆبوونەوەی فەرمیمان لەگەڵ یەکێتی ڕەت کردۆتەوە، چونکە یەکێتی وێڕای ئەو پەلامارەی لە 12/5/2018 کردییە سەر مەکۆی سەرەکیی گۆڕان، تا ئەم ساتەی قسەی تێدا دەکەم، سزای ئەو کەسانەش دەدات کە لەناو هێزەکانی ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ گومانی ئەوەیان لێدەکرێت، دەنگیان بە گۆڕان دابێت“.
ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە تا ئێستا یەکێتی پابەند نییە بەو چوار ڕێککەوتنەی گۆڕان لەگەڵیدا کردوویەتی، هەروەها ”سزای دەنگدەر و هەڵسووڕاوانی گۆڕان دەدات، بۆیە کۆبوونەوەی دوو قۆڵیمان لەگەڵ یەکێتی ڕەت کردۆتەوە، چونکە گوتومانە نیەتپاکی پیشان بدەن و ئەو سزا سیاسییانە ڕابگرن، بەڵام بۆ پێکهێنانی حکوومەت، واتە کۆبوونەوەی سێ قۆڵێ، ئێمە پێشنیاری کۆبوونەوەی سێ قۆڵیمان کردووە“.
باسنیوز
