ئومێد خۆشناو: لە نزیکترین کاتدا سەرۆکی حکوومەت ناوزەد دەکەین

ئومێد خۆشناو: لە نزیکترین کاتدا سەرۆکی حکوومەت ناوزەد دەکەین
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان باس لە پرۆسەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دیاریکردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت دەکات و ئاشکرای دەکات کە ”بەزووترین کات دەست بە پرۆسەکە دەکرێت“.



ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند: دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی ئایاری ٢٠١٩ ڕێککەوتنی سیاسیی نێون پارتی و گۆڕان و یەکێتی واژۆ کرا، لە زووترین کاتدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بانگهێشتی ئەندامانی دەکات بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان، تایبەت بە یاسای کاراکردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ھەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پڕۆژەیاساکە کراوە، بۆیە لەکاتی ھێنانی پڕۆژەکە، ھیچ گفتوگۆیەک ناکرێت و خوێندنەوەی سێیەم بۆ پڕۆژەکە ماوە کە دوای دەنگدان ئەو پرۆسەیەش تەواو دەبێت“.



ئاماژەشی بەوە کرد کە دوای ئەوەی پڕۆژەکە دەبێت بە یاسا، دەرگای خۆپاڵاوتن دەکرێتەوە و میکانیزمی دیاریکردنی کاندید بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات، ”وەک فراکسیۆنی پارتی، ناوزەندی (تەسمیە) سەرۆکی حکوومەت دەکەین و ئاراستەی سەرکایەتیی پەرلەمانی دەکەین، دواتر لەلایەن سەرۆکی ھەرێمەوە رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، بۆیە زنجیرەکە بەم شێوەیە دەڕوات و پرۆسەکە بەخێرایی بەڕێوە دەچێت“.







باسنیوز
Top