لە سلێمانی 9 تۆمەتبار دەستگیر كران
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "شەوی رابردوو هێزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتن ئاگادار كرانەوە، كە لەسەر گردی تاڤگە لە شاری سلێمانی، چەند كەسێك تەقە دەكەن، دەستبەجێ هێزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتن و هێزی تایبەتی بارەگا گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و توانرا 9 تۆمەتبار دەستگیر بكرێن و دەست بەسەر شەش ئۆتۆمبێل و سێ دەمانچە و یەك كڵاشینكۆفدا بگریرێت".
لەو راگەیەندراوەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە: "سەرجەم تۆمەتباران كە 9 كەسن، بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 406/31 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەرچنارەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان كراوەتەوە".
k24_
