قایمقامی شەقڵاوە: بەم زووانە تۆنێلی پیرمام – شەقڵاوە دەكرێتەوە
جوان رەفیق، قایمقامی قەزای شەقڵاوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "تۆنێلی پیرمام – شەقڵاوە، زۆربەی زۆری كارەكانی تەواو بووە، تەنیا رێگاوبانەكانی كەمێك ماون، كە قیرتاو بكرێن، دوای نەمانی باران و وشكبوونی رێگاكە، ئەمڕۆ بڕیار دراوە ئەو شوێنانەی كە قیر نەكراون، قیرتاو بكرێن، دوای ئەوەش راستەوخۆ تۆنێلەكە دەكرێتەوە، كە تەنیا كێشەی رێگاوبانی ماوە، ئەگەرنا هیچ كێشەیەكی دیكەی نییە".
قایمقامی قەزای شەقڵاوە گوتیشی: "ئەو دەسەڵاتە بە ئێمە دراوە كە هەر رۆژێك قەرەباڵغی دروست ببێت، بۆ نەمانی ئەو قەرەباڵغییە تۆنێلەكە بكەینەوە، بەڵام دەمانەوێت هەموو كارەكانی تەواو بكرێت پاشان بە رووی شۆفێر و هاووڵاتیاندا بیكەینەوە".
جوان رەفیق، ئاماژەی بەوەش كرد:" كردنەوەی تۆنێلەكە، بۆ ناوچەكە گرنگیی خۆی هەیە و رێگاكە ماوەیەكی زۆر كورت دەكاتەوە و كاریگەری لەسەر رووداوەكانی هاتوچۆش دەبێت، هەروەها واش دەكات شۆفێر بە كەمترین ماوە بگاتە شوێنی مەبەست".
شایانی باسە، تونێلی پیرمام شەقڵاوە ماوەی نیو سەعات ڕێگا كورت دەكاتەوە، هەروەها مەترسییەكانی ڕووداوەكانی هاتوچۆ بەرەو كەمبوونەوە دەبات و ڕێگای سەڵاحەددین، شەقڵاوەش بە ناحیەی هەریر و قەزای سۆران و دەوروبەریەوە دەبەستێتەوە.
kdp -
