دزینی نەوت و داهاتی مەرزەکانی خانەقین لە لایەن حەشدی شەعبییەوە بەردەوامە
بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "نەوتی ناوچەی نەفتخانە سنووری خانەقین ھەمووی دەدزرێت و بە قاچاغ ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت. جگە لەوەش، لە مەرزەکانیش پارەیەکی زۆر دەدزرێت لە لایەن ئەو ھێزانەی حەشدی شەعبییەوە کە لەوێن، پێشتریش ھەبوو، بەڵام لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە دزینی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە."
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا گوتیشی: "حکوومەتی عێراق بەنیازە ھێزی فریاکەوتن بگوازێتەوە و ھێزێکی دیکەی بێنە شوێنیان بۆ کۆنترۆڵکردنی دزینی نەوتی نەفتخانە و مەرزەکان لە لایەن حەشدی شەعبییەوە، بەڵام ئەستەمە بتوانن کۆنترۆڵی بکەن، چونکە دەسەڵات لە دەستی حەشدی شەعبیدایە."
شێخ مستەفا باسی لەوەش کرد: "جگە لەوەش، داگیرکردن و تەعداکردن لە خەڵکی خانەقین لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بەردەوامە، بۆیە دۆخی سنووری خانەقین بە ھیچ شێوەیەک باش نییە."
kdp -
