پۆلیسی سلێمانی چوار کەسی لەسەر خنکاندنی ئافرەتێک دەستگیر کرد

پۆلیسی سلێمانی چوار کەسی لەسەر خنکاندنی ئافرەتێک دەستگیر کرد
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دەستگیرکردنی چوار کەسی بەتۆمەتی خنکاندنی ئافرەتێکی تەمەن 24 ساڵ ڕاگەیاند.

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی ڕۆژی 3/4/2019 لەسەر ڕێگای چەمچەماڵ - تەكیە تەرمی كچێکی تەمەن 24 ساڵ دۆزرایەوە، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان و هێڵكاری بۆ شوێنی ڕووداوەكە كراو تەرمەکە گواسترایەوە بۆ پزیشكی دادوەری لەشاری سلێمانی و دەركەوت بەپەت خنكێندراوە و كراوەتە ناو توورەكەیەكەوە و لەسەر ڕێگاکە فڕێدراوە".

گوتیشی: "دواتر و لەڕۆژی 4/4/2019، هێزەکانی بنكەی پۆلیسی تەكیە بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردوو توانرا تۆمەتبار (ڕ،ع، م) و ڕۆژی 8/4/2019،ـەش تۆمەتبار (ح، ق، ح) دەستگیر بكرێن، 6 ڕۆژ دواتریش دوو تۆمەتباری دیکە بەناوەکانی (ه،ح،ق) و (ه،ح،ق) دەستگیرکران و سەرجەمیان بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون".

ئاماژەی بەوەشدا، فەرمانی دەستگیركردن بۆ باوكی ئافرەتەکەش دەرچووە، بەڵام تا ئێستا دەستگیرنەكراوە و هێزەكانی پۆلیس لەهەوڵی دەستگیرکردنیدان".











باسنیوز
Top