ڕوونکردنەوە لەبارەی پەیدابوونی جۆرە مێروویەک دەدرێت
دوای ئەوەی جۆرە قالۆنچەیەک لە سنووری قەزای چۆمان پەیدابوو، دەنگۆی زیانگەیاندنی بە هاووڵاتییان بڵاو کرایەوە، لەوباریەوە د. عەبدولڕەحیم عومەر، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، پسپۆر لە بواری مێرووەکان ڕایگەیاند: ”ئەو جۆرە قالۆنچەیە هیچ زیانێکی نییە و هەموو قالۆنچەیەکیش بۆ پارێزگاریکردن لە خۆی مادەی (قاریزە) دەردەدات کە بۆنێکی ناخۆشی لێ دێت و تەنیا ئەو کاتانە مادەکە دەردەدات کە هەست بە مەترسی بکات“.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر گوتیشی: ”لەوانەیە ئەو کەسەی ئەم قالۆنچەیە پێوەی دابێت حەساسیەتی پێی هەبێت، ئەگەرنا قالۆنچەکە ژەهراوی نییە“.
ڕوونی کردەوە، کە ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی ڕێژەیەکی زۆر باران باریوە، حەشەراتەکان درەنگ هاتوونەتە دەرەوە، هەرچەندە دەبوو سەرەتای مانگی چوار بێنە دەرەوە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ زیادبوونی ئەو جۆرە حەشەراتانە، پێ دەچێت کە کەش خۆشتر بێت جۆرەها حەشەراتی دیکە پەیدا ببێت، بەڵام بێ زیانن و هیچ زیانێکیان بۆ خەڵک نییە، ئاماژەی بەوە دا ”ئەم بابەتە پێویستی بە بەدواداچوون نییە“.
باسنیوز
