فراکسیۆنی پارتی بە مەرج بەشداریی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دەکات

فراکسیۆنی پارتی بە مەرج بەشداریی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دەکات
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕای دەگەیەنەنێت، ئەگەر بابەتی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە کارنامەی پەرلەمان لانەبرێت، پارتی بەشداریی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ناکات.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕايگەیاند: " ئێمە لەگەڵ ئەم شتە نین و خاڵێکی نادەستورییە، ئەگەر ئەم بڕگەیە لانەبرێت، ئەوا ئێمە بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ناکەین، ھەوڵ هەیە لیستە سیاسییەکانی دیکەی وەک لیستی "بیناء" ئەوانیش ڕایان گەیاندووە کە کۆبوونەوەکە بایکۆت دەکەن".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانیش گفتوگۆمان کردووە، ئەویش لەگەڵ دواخستنی کۆبوونەوەکەن، بەڵام ئەگەر ئەو بڕگەیە لە کارنامەکەدا ھەبێت کۆبوونەوەکە بایکۆت دەکەین".

ڕوونی کردەوە کە چارەسەرکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەم جۆرە نابێت، لەلایەکی دیکەشەوە نەینەوا ئێستا بێ پارێزگارە و خۆی دەکەوێ، لابردنی ئەنجومەنی پارێزگا چی لە بابەتەکە چارەسەر دەکات؟، کێ ئیدارەی شار بەڕێوە دەبات؟، نوێنەرانی مووسڵ ناتوانن شوێنی ئەنجومەنی پارێزگا بگرنەوە کە کاریان چاودێریکردنە".

ڤیان سەبری گوتیشی: "جموجوڵێک لە نێوان کۆمیسیۆن و ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە سیاسییەکان هەیە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە سەرانسەری عێراق لە سەرەتای ساڵی ۲۰۲۰دا بکرێت".

ئەم هەڵوێستەی فراکسیۆنی پارتی دوای ئەوە دێت کە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشنیارێکی بۆ لابردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا کردووە، وەک بڕگەیەکی بەرنامەی کاریی پەرلەمان بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ۲/٥/۲۰۱۹ دانراوە.









باسنيوز
Top