بەهرۆز جەعفەر: یەکێتی نوێنەری کەمتر لە ١٠٪ی خەڵکە و ٧ مانگە پێکهێنانی حکوومەت دوادەخا
بەھرۆز جەعفەر، یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات، لە وتارێکدا بە ناوی (خەمی دەوڵەت و چاکسازی)، باسی لە لە کەیسی حاکم گۆران کرد کە شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممەی ئەم هەفتەیە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ڕوونی کردووەتەوە کە ”ئەم مردنە جیاوازییەکەی ئەوەیە، مردنێکە لە پێناو خەمی گشتی و خەمی نیشتمانێکی ئەتک کراودا“.
بەهرۆز جەعفەر پێیوایە کە دەوڵەتی کوردستان دانامەزرێت، ئەگەر چاکسازی لەناوەوە و دان پێدانان لە دەرەوە مسۆگەر نەکرێت. هاوکات لەبارەی چاکسازی لە ناوخۆی کوردستان، نەیشاردووەتەوە کە ”حزبێکی وەک یەکێتی، لە کاتێکدا نوێنەری کەمتر لە (١٠%)ی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستانە، کەچی نزیکەی ٧ مانگ پێکھێنانی حکوومەتێک پەک ئەخات بۆ دوو یان سێ پۆست، تا کوتلە و باڵ و حاڵەکانی خۆیانی پێ ببووژێننەوە“.
هاوکات لەبارەی ئەم هەڵوێستەی یەکێتییەوە جەختی لە پەیوەندیی نێوان یەکێتی و کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووەتەوە و نووسیویەتی: ”ناوێری دوو باسی ئەم نیشتمانەیان بۆ بکەی، دەچن لای ئێرانییەکان و عێراقییەکان و لە میدیا و لە فەیسبووکدا دوو ھێندەی تریشی پێوە دەنێن و ئەیجونەوە“.
ئەم قسانەی بەهرۆز جەعفەر لە کاتێکدایە کە هەندێک لە بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت بۆ پارتی دەگەڕێتەوە.
باسنيوز
