فراکسیۆنە کوردەکان و بەشێک لە سوننە و شیعە دژی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵن
د. بەشیر خەلیل، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە پەرلەمانی عێراق ١٩٠ ئیمزا کۆ کراوەتەوە بۆ ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ ھەڵوەشێندرێتەوە و بڕیارە سبەی بخرێتە بەرنامەی کار و گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەڵام جارێ دەنگی لەسەر نادرێت و ئێمەی کورد و بەشێک لە شیعە و سوننەش دژی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵین، چونکە ئەو کارە خزمەت بە خەڵکی مووسڵ ناکات و لە بەرژوەندیی ئەو شارە نییە."
د. بەشیر خەلیل گوتیشی: "ئەو پرسە لایەنی سیاسی و یاساییی تێدایە و ئاسان نییە و ئێستا پێمان وایە ورووژاندنی ئەو پرسە خزمەتی پرۆسەی سیاسیی عێراق و سەقامگیریی شاری مووسڵیش ناکات و مووسڵ زیاتر تووشی گێژاوی سیاسی دەکات لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، بۆیە پێویستە ھەر بڕیاێک دەدرێت، بە تەوافق بێت، جا پرسی پارێزگار بێت، یان ئەنجومەنی پارێزگا، بۆیە بە ھەموو شێوەیەک دژی ئەو بڕیارەین و ڕێگە نادەین دەنگی لەسەر بدرێت."
kdp-
