لە خانەقین گروپەکانی حەشدی شەعبی لەتاڵانکردن بەردەوامن

لە خانەقین گروپەکانی حەشدی شەعبی لەتاڵانکردن بەردەوامن
بەرپرسێکی پارتی ڕای دەگەیەنێت، گروپەکانی حەشدی شەعبی لە تاڵاکردن و دزی لە سنووری خانەقین بەردەوامن و لەڕووی ئەمنیشەوە کێشە بۆ هاووڵاتییان دروست دەکەن.

شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی 15ی خانەقین ڕايگەیاند: ”نییەتێک هەیە بۆ هێڵی بەختیاری کە نێوان خانەقین و جەلەولا و مەحموودییەیە چوار فەوجی سەربازی بنێردرێت، ئەو کاتەش دۆخی ئەمنی لەوەی ئێستا هەیە خراپتر دەبێت، ئێمە لە کاتی خۆیدا سەرکردایەتی و لێژنەکەی نێوان هەر دوو وەزارەتی بەرگری و پێشمەرگەمان ئاگادار کردەوە کە ڕێگە بەوە نەدەن کە ئەو هێزانە بێنە خانەقین“.

گوتیشی: ”ئەو فەوجەی پۆلیسی فریاکەوتن کە لە بارەگاکانی پارتی لە خانەقین بوون، ئاگادارکراینەوە کە ئەمڕۆ خەریکی خۆ کۆکردنەوە و ڕۆشتنن، بەڵام هێزێکی کۆماندی سەربە وەزارەتی بەرگری عێراق دێتە شوێنەکەیان، ئەم ئاڵوگۆڕەش زۆر خراپە و پابەند نەبوونە بە گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکان“.

ڕوونی کردەوە، کە چەکدارانی حەشدی شەعبی لە سنووری خانەقین چەند گروپێکن و هەریەک لەوانە لە مەرزەکان و هێڵەکانی نێوان جەلەولا و خانەقین بە ئاشکرا خەریکی دزی و تاڵانن.

لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، خانەقینیان بە رێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار داگیر کرد و لەو کاتەوە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە نالەبارە.











باسنيوز
Top