دەیان مەزرەعە و ڤێلا لەم شوێنانەی هەولێر تێک دەدرێن
وەک قۆناغی یەکەم پرۆژەی دروستکردنی شەقامی 150 مەتری شاری هەولێر دەکەوێتە سنووری شارەوانی دوو، لەسەر رێگای پرۆژەکەش کۆمەڵێک خانوو و کێڵگە و باخچە بەرپرۆژەکە دەکەوێت و زانیاری لەسەر چارەنووسیان ئاشکرا دەکات.
حاجی مازن، بەڕێوەبەری شارەوانی دووی ھەولێر گوتی: "قۆناغی یەکەمی پرۆژەی شەقامی 150 مەتری ھەولێر لە سنووری شارەوانی دوو دەست پێدەکات کە لە رێگای پیرمام واتە لە گەنجان ستییەوە، ئەرکی شارەوانی ئێمەش لەو پرۆژەیە ئەوەیە کە ئەو شوێنانەی وەک نایاسایی و زێدەڕۆیی بەرئەو پرۆژە دەکەون ئاگادارمان کردوونەتەوە سەرجەمیان ھەڵبگیرێت بۆ کردنەوەی رێرەوی شەقامەکە".
گوتیشی: "زێدەڕەوی لەو ناوچەیە زۆرە بەتایبەت مەشتەل و حەلان و مەزرەعە بەرشەقامەکە دەکەوێت ئێمەش نووسراومان کردووە بۆ قائیمقامیەت کە دەست بەکارەکان بکرێت و ئەوانە ھەڵبگیرێت".
ئەوەشی خستە ڕوو، ئاگاداری خاوەن باخچە و کێڵگەکانمان کردووەتەوە کە بچنە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، لەوێ گرفتەکانیان بخەنەروو، ھەیە پێشووتر زەوی شارەوانی ھەبووە قەرەبووی وەرگرتووە کە ئەوە مافی نەماوە، ئەوەشی وەری نەگرتووە قەرەبوودەکرێتەوە و لەو بارەشەوە لێژنە پێکھێنراوە.
بەڕێوەبەری شارەوانی دوو ئاشکراشیکرد، کە پێش تێکدانی شوێنەکان بەڵگەکان کۆدەکرێتەوە و ئاڕاستەی لێژنە کە دەکرێت.
باسنيوز
