کەمال کەرکووک هۆشداریی لەبارەی هەوڵی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەدا

کەمال کەرکووک هۆشداریی لەبارەی هەوڵی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەدا
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند، هەر هەوڵێک بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بدرێت، لە دژی مافەکانی گەلی کوردستانە.

دکتۆر کەمال کەرکووکی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی ڕايگەیاند: ”ھەر ھەوڵێک بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لەم دۆخە ناسرووشتییەی ھەیە، دژ بە مافی گەلی کوردستان و دانیشتووانی کەرکووکە و کۆبوونەوەش بەو شێوازە ناکرێت و یاسایی نییە، لەبەر ئەوەی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بەشدار نەبوونە و لە ھەوڵدان دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە“.

هاوکات ڕوونی کردەوە کە ھەوڵدان بۆ لابردنی ڕێبوار تاڵەبانی لە سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، خۆی لە خۆیدا کارێکی نایاسایی و نادەستوورییە، هەرچەندە دانانی جەمال مەولوود بۆ ڕاییکردنی کاروباری داراییە، بەڵام ”دەیانەوێت کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پێ بکەن، ئەویش نایاساییە“. گوتیشی ”ھەفتەی پێشوو لەبەر ھەر ھۆکارێک بووبێت، جەمال مەولوود کەسێکی ڕاسپاردووە بۆ کارەکانی ڕۆژانەی نەک سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوە، بەڵام ئەو کەسە چووە ئەوانەی کە گومانی پارتیبوونی لێ کردوون، نەقڵی کردوون“.

کەرکووکی ئاماژەی بەوەش کرد، گفتوگۆ بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک ھەیە، تا بکەوێتە سەر باری سرووشتیی خۆی، چ لە دەرەوەی شار و چ لە ناو شار، بۆچوونی درووستیش ئەوەیە کە ئاسایشی شارەکە بدرێتە دەست پۆلیس و دەزگا ئەمنییە خۆجێییەکان، ئەو بازگە زۆرانەی دانراون لاببرێن، بارەگا داگیرکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێنرێنەوە، ئەنجومەنی پارێزگا بگەڕێتەوە و کاری خۆی بکات و بابەتی پارێزگار یەکلایی بکاتەوە، بەڵام ”بازدان بەسەر ئەمانەدا، شتی نایاسایی و نادیموکراسی و گەندەڵی لێ دروست دەبێت“.

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، پشتیوانی لە قسەکانی جەمال مەولوود کرد کە گوتبووی ”سکاڵا تۆمار دەکەم“. لەمبارەیەشەوە دکتۆر کەمال کەرکووکی نەیشاردەوە، ”حەقی خۆیەتی سکاڵا تۆمار بکات، چونکە بەناوی ئەوەوە ھەندێک کار کراوە و وەکو کاک جەمال دەڵێت، کەسێکی بەناوی کاکەڕەش سەرپشک (تخویل) نەکردووە و ئەو کەسە ھەر خۆی، خۆی کردۆتە سەرۆکی ئەنجومەن، ئەمەش جێگای لێکۆڵینەوە و پرسیارە، هەروەها سەرپێچیی یاسا و سووکایەتیشە بە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک“.











باسنيوز
Top