ترسی دانانی کامێرای نهێنی لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە چاڤیلاند چۆڵ دەکات

ترسی دانانی کامێرای نهێنی لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە چاڤیلاند چۆڵ دەکات
بەهۆی ئاشکراکردنی بابەتی دانانی کامێرای نهێنی لە کۆشکەکانی نێو پڕۆژەی گەشتیاریی (چاڤیلاند) لە لایەن ”شاسوار عەبدولواحید و باندەکەی“، زیانێکی گەورە بەر پڕۆژەکە کەوتووە و گەشتیارانێکی کەمتر سەردانی دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، پاش ئەوەی شادیە نەوزاد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە لە کۆشکەکانی چاڤیلاند کامێرای نهێنی دانراوە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ڕووتی خۆی لێ کراوە. هاوکات ڕای گەیاند کە ”شاسوار عەبدولواحید و باندەکەی“ ئەو کارەیان کردووە، زیانێکی گەورە بەر چاڤیلاند کەوتووە و خەڵکی ترسی ئەوەیان هەیە کە لە ڕێگەی ئەو کامێرا نهێنییانەوە، ژیانی تایبەتییان وەک چەکێک لە دژی خۆیان بەکار بهێندرێت.

لەمبارەیەوە د.محەمەد سەلمان، شارەزا لەبواری ئابووری و مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین ڕايگەیاند: ”ھەڵکشان و داکشانی سیاسی، کار دەکات سەر بەکارھێنەر و بەرھەم ھێنەر لەبواری ئابووریدا، چونکە وابەستەیە بە دەروون و رەفتاری خەڵکەوە".

ڕوونیشی کردەوە: ”پرسی متمانە لە گەشتیاریدا زۆر گرنگە، من دەچمە شوێنێکی گەشتیاری، دەمەوێت کەشێکی ئارام وەربگرم، کاتێک بزاندرێت کامێرای چاودێری دانراوە، متمانە نەک بەو شوێنە، بگرە بەھەموو کەرتی گەشتیاری نامێنێت، چونکە ئەمە کار لە رەفتار و دەروونی بەکارھێنەر و بەرھەم ھێنەر دەکات“.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ نەیشاردەوە کە یاسا بابەتی دانانی کامێرای لە شوێنە گەشتیارییەکان و هۆتێلەکان ڕێکخستووە، ”راستە بۆ ھۆڵ و مەمەڕەکان کامێرا ئاساییە، بەڵام بۆ ژوورەوە شتێکی دیکەیە، چونکە گەشتیار ڕەنگە بیەوێت لە ژوورەوە جلەکانی دابکەنێت، بەڵام کاتێک دەزانێت لەناو کابینە یان ژوورەکەدا کامێرای نهێنی ھەیە متمانەی بە کەرتی گەشتیاریش نامێنێت".

لەلایەن خۆشیەوە زیاد کاکەڕەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕايگەیاند: ”ئەو جۆرە قسە و لێدوانانە کاریگەری لە بواری کۆمەڵایەتی دەکات، لەھەموو جێگەکاندا خەڵک ئامادەباشی وەردەگرن بۆ چوونیان بۆ ھەموو جێگاکان".

ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەگەر زانرا کامێرای نهێنی لە شوێنێکی تایبەت دانراوە، ئەوا ”نەک هەر ئەنجومەنی پارێزگا، بەڵکوو دەبێت هەموو کەسێک بێتە دەنگ“.

لەلایەکی دیکەوە یاسین ئەحمەد رەشید، خاوەنی نووسنیگەی (ھۆشدار) بۆ خانووبەرە لە سلێمانی ڕايگەیاند، کاری خانووبەرە و گەشتیاری پەیوەندییەکی بەهێزیان بە ڕاگەیاندنەکانەوە هەیە، ”ھەواڵی خوش کاریگەری ئەرێنی درووست دەکات، هەروەک چۆن قسەکانی پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێش کاریگەری درووست کردووە“.

خاوەنی نووسینگەکە ئاشکرای کرد کە جگە لە پڕۆژەی چاڤیلاند، خانووەکانی گوندی (ئەڵمانی)ش کە بەهەمان شێوە پڕۆژەی شاسوار عەبدولواحیدە، کاریگەری پێوە دیارە و ”ڤێلاکانی کرێ چۆڵ دەبن“.












باسنيوز
Top