وەزارەتی كار: رەزامەندی بۆ گێڕانەوەی مووچەی چاودێریی خێزان وەرگیراوە

وەزارەتی كار: رەزامەندی بۆ گێڕانەوەی مووچەی چاودێریی خێزان وەرگیراوە
هەفتەی دابێ ژمارەیەك وەزارەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان میكانزمێك بۆ سوودمەندانی تۆڕی چاودێریی خێزان دیاری دەكەن، بەرپرسێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیش ئاشكرای كرد، رەزامەندییان بۆ گێڕانەوەی مووچەی چاودێریی خێزان وەرگرتووە.

فوئاد سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وەزارەت نووسراوێكی ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە لەبارەی دەستپێكردنەوەی مووچەی چاودێریی خێزان لە ھەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانیش بەرنامەیەكی رێكوپێكی لەو بارەیەوە ھەیە و ژمارەیەك وەزارەتیش تێدا بەشدارن، بەڵام لە وەزارەتی كارەوە دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت".

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێت: "هەفتەی داھاتوو بە فەرمی دەست بە پڕۆژەكە دەكرێت بۆ گێڕانەوەی مووچەی چاودێریی خێزان، ئێمە رەزامەندیمان وەرگرتووە بۆ گێڕانەوەی مووچەی چاودێریی خێزان و میكانزمێك دانراوە".

وەك سدیق روونی كردەوە: "ساڵانی پێشوو خەڵكێك پێویستی بەو مووچەیە نەبووە، بەڵام سوودمەند ببوو و پشكنینێكی ورد نەبوو لە پڕۆسەكەدا، خەڵكێك ھەیە مافی ھەیە سوودمەند بێت لەو مووچەیەی چاودێریی خێزان و نابێت ئەوانەی پێویستیان پێ نییە، ببنە ئەگەری ئەوەی ئەوانەشی پێویستن سوودمەند نەبن".

ناوبراو دەشڵێت: "ئەمجارە ھەندێ رێوشوێن دەگرینە بەر و لە رۆژانی دابێ دەست بە ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی میكانیزمەكە دیاری بكرێت، تا بتوانین مووچەكە بگێڕینەوە بۆ ئەوانەی پێویستن".

kdp-
Top