لە ھەولێر کەسێک بە تۆمەتی دزینی پارە دەستگیر کرا
ئەمڕۆ سێشەممە 30/4/2019، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ڕائیدی پۆلیس باساک فەرەج رەحیم، ئەفسەری نووسینگەی نەھێشتنی تاوانی عەنکاوە ڕای گەیاندووە: "ئاگادار کراینەوە بە بوونی ڕووداوێکی دزیکردن، ئێمەش دەستبەجێ دۆسیەی لێکۆڵینەوەمان بۆ ئەم ڕووداوە کردەوە و توانیمان لە ماوەیەکی کەمدا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرا بکەین و دەستگیری بکەین".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، تۆمەتبارەکە ناوی (ع، س، ح)ە و تەمەن 24 ساڵە، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، کە بڕی 3 ھەزار و 500 دۆلاری ئەمریکی دزی بوو.
پۆلیسی ھەولێر ڕوونیشی کردووەتەوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبار ڕێک خرا و ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کرا، دادوەریش بڕیاری دا تۆمەتبار بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی بەند بکرێت.
باسنيوز
