سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندی هوداپار دەكات

 سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندی هوداپار دەكات
ئەمڕۆ سێشەممە 30ـی 4ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای هوداپار بە سەرۆكایەتیی ئیسحاق ساغلام سەرۆكی گشتیی هوداپار و جێگر و ژمارەیەك لە ئەندامانی شوورای ناوەندیی ئەو حزبە كرد.



لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و پێزانینیان بۆ خەبات و ماندووبوونی سەرۆك بارزانی هەبوو لە بەرگریكردن و هەوڵدانی بۆ مافەكانی گەلی كوردستان.



هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسیی توركیا و بار و گوزەرانی گەلی كورد لەو وڵاتە، هەروەها دوا پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە و جیهان تاوتوێ كران و شاندی میوان كورتەیەكیان لە كار و چالاكی و ئامانجە سیاسییەكانی حزبەكەیان بۆ سەرۆك بارزانی خستە ڕوو.



لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا جەخت لە خەباتی سیاسی و ئاشتییانەی گەلی كورد بۆ مسۆگەركردنی مافەكانی كرایەوە و هەردوولایش لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوانیان هاوڕا بوون.









باسنیوز
Top