پشتیوان سادق: دامەزراندنی مامۆستایان بەپێی بەرنامەی كابینەی نوێ دەبێت
د. پشتیوان سادق، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا بە میدیاكانی راگەیاند، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، بە گوێرەی بەرنامەی كابینەی نوێی حكوومەت دەبێت و بەپێی پێویستییەكان و پسپۆڕییان لە قوتابخانەكاندا دادەمەزرێن، لەبەر قەیرانی داراییش نەتوانراوە دامەزرێن.
سەبارەت بەو مامۆستایانەی كە گرێبەستن، وەزیری پەروەردە رایگەیاند، لە ساڵانی رابردوو لەبەر ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە قەیراندا بووە و بودجەی پێویستی نەبووە، بۆیە نەتوانراوە بكرێنە هەمیشەیی. ناوبراو دەشڵێ، هەر كاتێك بودجە دابنرێ، ئەوا كێشەی ئەو مامۆستایانە بە هاوكاریی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بودجەیان بۆ دیاری دەكرێت.
وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داواشی لە بەرێوەبەرایەتییەكانی پارێزگا، قەزاكان و ژمێریارییەكانیان كرد بە خێرایی كار بكەن بۆ پێدانی پارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە ناوچەكانی هەرێمدا، كە ئەوەش كێشەیەكی هونەری و كارگێڕییە و دەبێت چارەسەر بكرێت.
پشتیوان سادق جەختیشی لەوە كردەوە، كە وەك وەزارەتی پەروەردە هەوڵیان داوە ئەو گەنجانەی دەرچووی پەروەردەن، لە ماڵەوە نەبن و بێن لە قوتابخانەكان وانە بڵێنەوە.
kdp-
