جموجووڵی بازرگانیی هەرێم بەهێز بووە

جموجووڵی بازرگانیی هەرێم بەهێز بووە
سەردانی شاندی بازرگانیی وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە. ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەو بەهێزی دەچێت و سەقامگیریی ناوچەکە هەلی گونجاوی بۆ بازرگانانی بیانی ڕەخساندووە.

دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پاش تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی، ئاستی جموجووڵی بازرگانیی هەرێمی کوردستان جووڵەی بەهێزی ئابووریی بە خۆیەوە بینیوە. سەردانی شاندی بازرگانی و ئابووریی وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان و ژوورە بازرگانییەکان زیاد بووە و شاندە بیانییەکان بە شێوەی تیمی جیاجیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و چالاکیی بازرگانی و پیشەسازی ڕێک دەخەن."

دارا جەلیل خەیات گوتیشی: "هاتنی ئەو شاندە بیانییانە بۆ هەرێمی کوردستان نیشانەی سەقامگیری و دووبارە بەهێزبوونەوەی ئاستی ئابووری و پتەوبوونی پەیوەندیی هەرێمی کوردستانە لە ناوچەکەدا لەسەر ئەو هەوڵانە بەردەوام دەبین بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی پیشەسازی و بازرگانیی هەرێم و باشترکردنی بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان. هەوڵە سیاسییەکانیش ڕێخۆشکەرن بۆ ئەوەی ئابووریی هەرێم گەشەی زیاتر و فراوانتر بە خۆیەوە ببینێت."

دارا جەلیل خەیات دەشڵێت: "ڕەوشی سەقامگیری سیاسیی هەولێر و بەغدا و کۆبوونەوەی شاندی نێوان هەردوولا بواری زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووریی نێوان هەردوولا و جووڵەی ئابووری زیاد دەکات."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: "لە هەوڵداین کەرتی پیشەسازی و بازرگانیی هەرێم بەهێـزتر و هەمەچەشن بکەین و تەنیا پشت بە سێکتەری نەوت نەبەستین، بەڵکو برەو بە کەرتی کشتوکاڵ و بازرگانی بدەین و بە شێوەیەکی گشتگیر و ورد مامەڵەی لەگەڵدا بکەین."
kdp-
Top