"ھەندێ ھێزی عێراقی داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەن"
مەیادە نەجاڕ، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "تا ئێستا ھیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کاتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقەوە ھەڵوێستی خۆی ڕابگەیەنێت، کە کۆمسیۆن بڕیاری دا لە ١٦ی ١١ی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت. کە کۆمسیۆن دەڵێ، ئامادەن لەو کاتەدا پڕۆسەکە بەڕێوە ببەن."
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "ھەندێ کوتلە و ھێزی سیاسیی عێراقی لەگەڵ ئەوەدان ئەنجومەنی پارێزگاکان ھەر بە یەکجاری نەمێنن. بەپێچەوانەوە، ھەندێ ھێزی دیکە داوای مانەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەن، لەبەر ئەوە نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکی کۆتایی لەسەر ئەو پرسە."
مەیادە نەجاڕ ڕوونی کردەوە: "بێگومان بڕیارە پەرلەمان ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بانگھێشت بکات، بەڵام ھێشتا ھیچ وادەیەک بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی پەرلەمان و کۆمسیۆن دیاری نەکراوە."
kdp-
