سۆران.. لە دوو مانگدا 45 کەس بە تۆمەتی مادە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون

سۆران.. لە دوو مانگدا 45 کەس بە تۆمەتی مادە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون
بنکەى نەهێشتنى مادە هۆشبەرەکانى سۆران، ئاشکرای دەکات لە هەردوو مانگى 3 و 4 سالى 2019 بە هەماهەنگى لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى سۆران و بازگەکانى سەر بەو بەڕێوەبەرایەتیە، لە سنووری سۆران 45 کەس بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر دەستگیر کراون.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بنکەى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى سۆران بڵاوی کردووەتەوە، تێیدا هاتووە، ئەو کارانەیان بە هاوکاریی بنکەی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی کۆمەڵگەى دەروازەى نێودەڵەتیى حاجى ئۆمەران، بەپێى یاساى (14موخەدەرات) و بە وەرگرتنى زانیارى و چاودێرى و بەدواداچوون و لە چەندین هەڵمەتى جیاواز توانیوایانە 45 کەس بە تۆمەتى ئالوودەبوون و کڕین وفرۆشتنى ماددە هۆشبەرەکان و دراوى ساختە دەستگیر بکەن کە 12 دوازدە کەسیان خەڵک و دانیشتووى دەرەوەى سۆران و 14 چواردە کەسى بیانى و 2 دوو داواکراو و 17 کەسیشیان دانیشتووى سۆرانن.

لە درێژەی ئەو ڕاگەیەدنراوەدا هاتووە لە کاتى دەستگیرکردنى ئەو تۆمەتبارانە توانراوە دەست بگیرێت بەسەر بڕى دوو هەزار و 562 دانە حەبى قەدەغەکراو و بڕى 21700$ دۆلارى ساختە و بڕى 1 یەک کیلۆ و گرام ماددەى هۆشبەر لە جۆرى هێرویین و بڕى 523 گرام ماددەى هۆشبەر لە جۆرى شیشە و بڕى 95 گرام ماددەى هۆشبەر لە جۆرى تریاک و حەشیش و هەندێک کەلوپەلى بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر و یەک دانە دەمانچە".

دەستگیرکراوەکان بۆ وەرگرتنى ڕێکارى یاسایى ڕەوانەى بەردەم دادەرى لێکۆلینەوە کراون.










باسنيوز
Top