حزبێکی دیکەش لە سلێمانی درووست کرا
دانا تەیب مەنمی، سەرپەرشتیاری پارتی دیموکراتی و داپەروەری ڕايگەیاند: ”ئێمە حزبێکین بووینەتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەکان. ھەندێک ئەنداممان ھەیە کە باکگراوندی ئیسلامییان ھەیە، بەڵام ئێستا بەشێوەیەکی میانڕەوانە و مۆدێرنانە لەناو ڕیزەکانی (پەدەدە)دا کاردەکەن“.
بە گوتەی مەنمی، ژمارەی ئەندامانی ئەو حزبە تازە لەدایکبووەی سلێمانی، ”چەند هەزار کەسێکە“، بەپێی بەرنامەیان، بڕیارە چارەنووسسازەکانیان بە ڕێژەی دوو لەسەر سێی دەنگەکانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی حزبەکەیان دەدەن.
لەبارەی وەرگرتنی مۆڵەتی یاساییەوە، سەرپەرشتیاری (پەدەدە) دەڵێت: ”ئێمە ماوەیەکە ڕێکاری یاسایمان دەست پێ کردووە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمیی کارکردن لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، چونکە پلانمان ھەیە بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بکەین، ئەگەر بە فەرمی مۆڵەتمان لە حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی ناوەندی وەرگرت، ئەوا کار دەکەین لەسەر کاندیدکردنی کەسانی سەربەخۆی شیاو“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە شاری سلێمانیدا چەندان حزبی دیکە درووست بوون کە پێگە جەماوەری و سەرجەم فراوانخوازییەکانیشیان لە سنووری پارێزگاکەی خۆیاندایە.
باسنيوز
