پێشمەرگە داوای ئازادکردنی ١٧ گەنجە دەستگیرکراوەکەی مەخموور لە سوپای عێراق دەکا
مقەدەم ڕوکن سروود ساڵح، فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور ڕايگەیاند، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە ٢٨ی نیسانی ٢٠١٩، لە ناو بازاڕی مەخموور، ئۆتۆمبێلێک لەبەردەم کافتریایەک راوەستاوە کە ئۆتۆمبێلی کوردێک بووە، لەوێ گرووپێکی چەکداری سوپای عێراق پێیان گوتووە کە ئەو ئۆتۆمبێلە لابدات، ئەویش گووتوویەتی لای نابەم، دواتر پەلاماریان داوە و خەڵکی مەخمووریش لە سوپای عێراق ھەڵساوە و نەیانھێشتوە لە گەنجەکە بدەن، بۆیە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق لەناو مەخموور تەقەیان کردووە و کەسێک بریندار بووە، دواتر ھێزێکی زۆرتریان بردووە و ١٧ گەنجی کوردیان دەستگیر کردووە.
فەرماندەکەی پێشمەرگە نەیشاردەوە کە هەستیاری لەنێوان خەڵک و سوپای عێراق درووست بووە و خەڵکی گلەییان لەوە هەیە کە لە کاتێکدا پۆلیسی هاتوچۆ لە مەخموور هەیە، سوپا بۆچی کاری پۆلیسی هاتوچۆ دەکات. گوتیشی: ”لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە خەڵکی مەخموور بریندارن، بە بچووکترین شت کێشەی گەورە ڕوودەدات، خەڵک بە سەربازگەکردنی شارەکە قەبووڵ ناکەن“.
فەرماندەکەی پێشمەرگە ئاشکرای کرد کە هێزەکانی عێراق لە مەخموور، ڕەفتاریان لە بەرامبەر خەڵکی شارەکە زۆر توند بووە، بۆیە ”ئەمڕۆ پەیوەندیمان بە لایەنی عێراقییەوە کرد کە ئەو گرفتانە چارەسەر بکەن و سەرجەم گیراوەکان ئازاد بکرێن، تا دۆخەکە لەوە خراپتر نەبێت، دەنا خەڵکی قەبووڵی ناکەن“.
باسنيوز
