مەسرور بارزانی و چاوشئوغلۆ پەیوەندیی نێوان هەولێر و ئەنقەرەیان تاوتوێ کرد

مەسرور بارزانی و چاوشئوغلۆ پەیوەندیی نێوان هەولێر و ئەنقەرەیان تاوتوێ کرد
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩-٤-٢٠١٩ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەولێر و ژمارەیەک راوێژکار و بەرپرس لە هەردوولا ئامادەی بوون، پێشهات و پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە تاوتوێ کران.

وەزیری دەرەوەی تورکیا هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتیکردنی کابینەی داھاتووی حکوومەتێ ھەرێمدا خواست و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هاوکاریکردن و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوو قۆڵی نێوان هەردوولا لە گشت بوارەکاندا دەربڕی.

لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی ویستی ھەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە ھەمەچەشنەکان لەگەڵ تورکیا خستەڕوو و ئاماژەی بەوە دا، کە ھەرێمی کوردستان و عێراقیش پێویستییان بە پالپشتی و یارمەتیی دراوسێکان ھەیە بەتایبەت بۆ ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی رەوشی ئەو دەڤەرانەی لە ئەنجامی شەری دژ بە تیرۆریستان زیانمەند بوونە.

پەرەپێدانی پەیوەندی بازرگانی و دۆسیەی ئاسایشی ناوچەیی و ھەڕەشەکانی تیرۆر لە دەڤەرەکەدا تەوەری دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.










باسنيوز
Top