بەرەی تورکمانی: ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە گرنگە بۆ ناوچەکە
ئەمڕۆ دووشەممە 29-4-2019، مەولود چاویشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، لەگەڵ حزب و لایەنە تورکمانییەکان کۆ بووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، ئایدن مەعروف، پەرلەمانتاری بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان بە کەناڵی (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ مەولود چاویشئۆغڵو پشتیوانییەکی مەعنەوییە بۆ تورکمانەکانی کوردستان و عێراق.
ئایدن مەعروف جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا بۆ کوردستان، تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە.
ئەو پەرلەمانتارەی بەرەی تورکمانی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە تورکیا خوازیارە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات و ئەو سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش بۆ هەمان مەبەستە.
درەنگانی شەوی یەکشەممە 28-4-2019، مەولود چاویشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای ئابووریی و دیپلۆماسی، گەیشتە هەولێر.
ئەمڕۆ دووشەممە مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی و مەولود چاویشئۆغڵو تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرەیان کردووە.
باسنيوز
