"داواکاریی مەسیحی و ئێزدی دەگەیەنرێتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی"
ڕیحانا ئەیووب، نوێنەری مەسیحییەکان لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، کە کۆپییەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ناردووە، ڕایگەیاندووە، لە سەردانێکیدا بە یاوەریی سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا باسی لەو ئازار و ناخۆشی و تاوانانە کردووە کە بە دەستی داعش بەسەر مەسیحی و ئێزدیدا ھاتووە و، بووەتە ھۆی وێرانبوونی ناوچەکانیان و ئاوارەبوونی خەڵکەکەیان بۆ ھەرێمی کوردستان.
ڕیحانا ئەیووب لە بەیاننامەکەیدا دەشڵێت: "داوامان لە ئەمەریکا کردووە کە پێویستە ھاوکاریی گەلی مەسیحی و ئێزدی بکرێت و ناوچەکانیان ئاوەدان بکرێتەوە و قەرەبووش بکرێنەوە."
ئەیووب لە درێژەی بەیاننامەکەیدا گوتوویەتی، لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا بە پێویستی زانیوە ماددەی١٤٠ جێبەجێ بکرێت و مافی ھەموو پێکھاتەکانیش لە کەرکووک بپارێزرێت.
kdp-
