"حکوومەتی عێراقی فیدراڵ کۆمەڵێک ئۆفیس لە هەرێم دەکاتەوە"

دوای کۆبوونەوەی شاندی ھەرێم و بەغدا، وەزیری پلاندانانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سەرکەوتوو بووە و بەردەوامیش دەبن و بۆ ھەماھەنگیی زیاتر بڕیارە حکوومەتی عێراق کۆمەڵێک ئۆفیس لە ھەرێمی کوردستان بکاتەوە.

وەزیری پلاندانانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزیری بازرگانی بەوەکالەت، د. عەلی سندی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی ھەرێمی کوردستان و بەغدا سەرکەوتوو بوو، لە ھەندێک بواردا ھاتووینە سەر جێبەجێکردنی ھەندێک بڕیار و ئەوەمان بۆ دەرکەتووە لە کاتی جێبەجێکردندا گۆڕانکاریی ھەندێک یاسا لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پێویستە، کە کاتی دەوێت، ئەمەش کێشە نییە و لە ئێستاوە تا چارەسەر دەکرێن ئاسانکاری دەکرێت و لێکتێگەیشتنی تەواو ھەیە لەسەر ھەموو کێشەکان."

د. عەلی سندی گوتی: "ھەندێک پێشنیاری دیکە ھەبوو لە لایەن جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، د. فوئاد حوسێنەوە بۆ کردنەوەی ھەندێک ئۆفیس لە ھەرێمی کوردستان بۆ توندوتۆڵکردنی ھەماھەنگی لە نێوان ھەرێم و بەغدادا، بۆیە ئەمە کۆتاییی کۆبوونەوە نابێت و کۆبوونەوەی دیکەش دەکرێت و بەردەوام دەبن."

د. عەلی سندی گوتیشی: "بڕیارە حەفتەی داھاتوو شاندێکی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ ڕێکخستنەوە مۆڵەتی ھاوردە و ناردنکاران و کۆمەڵێک بڕیاری دیکە، بۆیە بەگشتی کۆبوونەوەکە زۆر سەرکەوتوو بووە."
kdp-
Top