گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف: 14٪ی ڕێژەی حاجیان زیاد دەکرێت

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف: 14٪ی ڕێژەی حاجیان زیاد دەکرێت
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، لە ڕێژەی زیادکراوی حاجیانی عێراق 14٪ی بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت.

نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان ڕايگەیاند: ”ساڵانە 34 بۆ 45 هەزار کەس لە هەموو عێراق بۆ فەریزەی حەج دەچینە وڵاتی سعودییە، بەڵام دوای ئەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی عەرەبستانی سعودییەی کرد و داوایەکی فەرمی بۆ زیادکردنی پشکی حاجیان کرد، لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودییەوە قبوڵکرا“.

گوتیشی: ”بۆ ئەمساڵ ڕێژەی حاجیانی عێراق زیادکراوە بۆ 50 هەزار کەس، بەڵام پێشتر ڕێژەکە لە نێوان 34 بۆ 45 هەزار کەس بوو، لەو ڕێژەیەش 14٪ی بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت“.

ڕوونیشی کردەوە، کە ئێستا مامەڵەی چوار هەزار و 880 کەس بۆ فەریزەی حەج کۆتایی هاتووە و پارەیان لێ وەرگیراوە، بەڵام بۆ ڕێژە زیادکراوەکە کە دوو هەزار و 120 کەسە بۆ هەرێم هێشتا نووسراوی فەرمی بۆ وەزارەت نەهاتووە، تەنیا شتەکە یەکلای بووەتەوە، ئەگەریش هەیە بچێتە چوارچێوەی حەجی پارەی زیادەوە و لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو جیاوازتربێت، هەروەها ئەو هاووڵاتییانەش کە ناویان نەنووسیوە و لە تیروپشک نیین پارەی زیاد بدەن دەتوانن بەشداربن.











باسنيوز
Top