سێوکانی: لە فێستیڤاڵی ڕەنگەکان خەندە پەخش کرا و لە فێستیڤاڵی خێڵەکان خوێن ڕژا
لە چوارچێوەی کاردانەوەکان بەرامبەر بە فێستیڤاڵی ئێڵ بەگی جاف کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە قەرەداغ سازی کرد، سۆران سێوکانی، چاودێری سیاسی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، لە فێستیڤاڵی ڕەنگەکان (لە هەولێر) خەندە پەخش کرا، بەڵام لە فێستیڤاڵی خێڵەکان (لە سلێمانی) ”خوێن ڕژا“.
باسیشی لەوە کردووە کە هەرچەندە لە فێستیڤاڵی رەنگەکاندا خەندە پەخش کراوە، بەڵام ”دنیا هاتەوە یەک“ و ڕەخنە و هێرشێکی زۆر کرایە سەر فێستیڤاڵەکە، کەچی بێدەنگی بەرامبەر بەو فێستیڤاڵە کرا کە خوێنی تێدا ڕژاوە.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی نیسانی ٢٠١٩، عەزیز ڕەئووف، نووسەری سلێمانی، ڕەخنەی توندی لە یەکێتی گرت، بەرامبەر بە فێستیڤاڵی ئێڵ بەگی جاف و ڕای گەیاند: ”کەس نییە بە یەکێتی بڵێ، بۆ ئەزموون لە پارتی وەرناگرن، پارتی خەریکی فێستیڤاڵی ڕەنگ و بۆنەی نەتەوایەتیی گەلان و ماراسۆن و لەشجوانییە، تۆی یەکێتیش تازە بە تازە بە کۆمەڵێ چەکدارەوە لەو قەرەداغە موجامەلە و عەرزی عەزەڵاتێکی بێتام دەکەی کە دوژمنیش ئاوات بۆ حاڵت ناخوازێ. کەس نیە بە یەکێتی بڵێ کە عەیبە“.
ڕۆژی ٥ی نیسانی ٢٠١٩، لە پارکی ئەکادیمی لە شاری هەولێر، فێستیڤاڵی ڕەنگەکان لە شاری هەولێر ئەنجام درا و تێیدا ژمارەیەک لە هونەرمەند و سەدان کوڕ و کچ بەشدارییان کرد.
ڕۆژی هەینی ٢٦ی نیسانی ٢٠١٩، فێستیڤاڵی ئێڵ بەگی جاف بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای یەکێتی لە قەرەداغ ئەنجام درا، لەو فێستیڤاڵەدا گەنجێک لەلایەن چەکدارێکەوە تەقەی لێکرا و بەبەرچاوی بەرپرسانی ئەمنیی بەشدار لەو فێستیڤاڵە، کوژرا.
باسنيوز
